سەرەڕای کشانەوەی ئەمەریکا لە کۆمەککردنی (WHO)، رێکخراوی تەندروستی جیهانی سێ ڤاکسینی دژ بە کۆرۆنای خستە تاقیکردنەوە. سەرۆکی رێکخراوەکە دەڵێ، هەوڵەکان بەردەوامن بۆ پێشخستنی ڤاکسینی دژ بە کۆرۆنا.
ئەمڕۆ پێنجشەم 16ی نیسان، رێکخراوی تەندروستی جیهانی رای گەیاند، بە فەرمی سێ ڤاکسینی کۆرۆنا خراونەتە تاقیکردنەوە، ئەمەش هاوکاتی هەوڵەکانی پێشخستنی ڤاکسینەکانی تری دژ بە کۆرۆنایە.
رێکخراوی تەندروستی جیهانی (
WHO) نیگەرانی خۆیشی لە کشانەوەی ئەمەریکا لە پشتگیرییە داراییەکان بۆ رێکخراوەکە راگەیاند، ئاماژەی بەوە دا کە ناچار بووە بەدوای شوێنگرەوە بگەڕێت، ئەمەش لە کاتێکدایە وڵاتانی ئەوروپی ئامادەن کۆمەکی (WHO) تەنیا بۆ پێشخستنی ڤاکسینەکان.
تیدرۆس ئادهانوم گیبریسۆس بەڕێوەبەری گشتی (WHO) گوتی، "بە کردەیی سێ ڤاکسین خراونەتە ژێر تاقیکردنەوە، هاوشانی ئەوانیش هەوڵەکان بەردەوامن بۆ پێشخستنی ڤاکسینی تر".
WHO: بە فەرمی سێ ڤاکسینی کۆرۆنا خراونەتە تاقیکردنەوە، ئەمەش هاوکاتی هەوڵەکانی پێشخستنی ڤاکسینەکانی تری دژ بە کۆرۆنایە
زیاتر گوتی "(WHO) تەنیا بەرەنگاری پەتای کۆرۆنا نابێتەوە، بەڵکو کار دەکات لەسەر ئیفلیجی منداڵان و پەتاکانی تری مەلاریا و ئیبۆلا و ڤایرۆسی کەمی بەرگریی جەستە، هەروەها ئیفلیجی و خراپی خۆراک و شێرپەنجە و شەکرە و نەخۆشییەکانی دەروونی، جگە لەوانە کار لەگەڵ وڵاتان دەکەین بۆ پێشخستنی سیستمی تەندروستییان و هەروەها هەوڵی گەیاندنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بۆ رزگارکردنی ژیانی هاووڵاتییانیان".
ئەمەریکا گەورەترین وڵاتی کۆمەک بەخشی (WHO)یە، هاوکات زۆرترین تووشبووی کۆرۆناش لەو وڵاتەیە، بەڵام سەرۆکی ئەمەریکا بڕیاری راگرتنی کۆمەکی دارایی بە (WHO) راگەیاند.
هاوشانی هەوڵەکانی (WHO) بۆ دۆزینەوەی ڤاکسینی چارەسەری کۆرۆنا، هەردوو گرووپی کۆمپانیاکانی سانۆڤی و گلاکسۆ سمیس کڵاین، کە دوو گرووپی گەورەی دەرمانن، یەکخستنی هەوڵەکانیان راگەیاند بۆ پێشخستنی ڤاکسینێک دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، هیوای ئەوەش دەخوازنن ساڵی 2021 بە ئەنجامێک بگەن.
هاوشانی ئەوان، وڵاتانی ئەوروپیش لە هەوڵەکانیان بەردەوامن، ئۆرسولا فون دیر سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپی رای گەیاند، لە رێی ئینتەرنێتەوە لە چواری مانگی داهاتوو کۆنفراسێک رێک دەخەین بە مەبەستی کۆکردنەوەی کۆمەک تایبەت بە لێکۆڵینەوەکانی پێشخستنی ڤاکسینی دژ بە کۆرۆنا.