جەنگی ناڤۆکی چی بە سەر جیهاندا دێنێت؟
Aug 18, 2022
جەنگی ناڤۆکی چی بە سەر جیهاندا دێنێت؟
کۆمەڵێک زانا لەسەرتاسەری جیهاندا لەلێکۆڵینەوەیەکیاندا 6 سیناریۆیان پێشبینیکردووە، ئەگەرهات‌و ململانێی ناوەکیی لەنێوان لایەنە بەشەڕهاتووەکان بوو بەڕاستی، باس لەوەشکراوە، ژمارەی قوربانیانی جەنگی ناوەکیی جگە لەو سەدان ملیۆن کەسەی بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ گیانلەدەستدەدەن، نزیکەی هەموو دانیشتووانی جیهانیش لەدوو ساڵی دوای شەڕەکە بەهۆی گرفتی دەستنەکەوتنی خۆراکەوە کۆتاییان دێت.
بەپشتبەستن بەگۆڕانکارییە پێشبینیکراوەکانی کەشوهەوا لەئەنجامی تەقینەوە ناوەکییەکان، زاناکان کاریگەری بەرزبونەوەی پلەی گەرمی لەسەر ڕوی زەوی‌و گۆڕینی بڕی ڕوناکیی ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ، هەروەها دابارینی پاشماوەی تەقینەوەکان لەسەر بەرهەم‌و ژیانی دەریایی خەمڵاندووە.

بەپێی خراپترین سیناریۆ، شەڕێکی ئەتۆمیی تەواو لەنێوان ئەمریکاو ڕوسیا، بەبەکارهێنانی هەزاران بۆمبی ئەتۆمی، 150 ملیۆن تۆن لەتۆزو گەرد بۆ بەرگە هەوای هەسارەکەمان زیاد دەبێت‌و جیهان لەسێ لەسەر چواری کالۆرییەکانی بێبەشدەبێت.

سیناریۆکە ئەوە پیشاندەدات کە شەڕێکی ئەتۆمیی لەو شێوەیە برسێتییەکی لەسەرەخۆ بۆ پێنج ملیار کەس لەسەرتاسەری جیهان دروستدەکات کە لەدوو ساڵی داهاتوودا هەموو هەوڵیان بەدەستهێنانی خۆراکی پێویست دەبێت بۆ مانەوە.

یەکێکی تر لەسیناریۆکان دەڵێت، ئەگەر لەهەر ململانێیەکی ناوەکیی نزیکەی 250 بۆمبی ناوەکیی بەکاربهێنرێت، ئەوە نزیکەی 27 ملیۆن تۆن گەردو تۆز لەبەرگە هەوادا بڵاودەبێتەوە، بەوەش نیوەی بەرهەمی خۆراکیی ناوچەکانی هێڵی پانی گۆی زەویی کەمدەبێتەوەو لەسەدا 20 بۆ لەسەدا 30 بەرهەمی ڕاوی دەریایی دادەبەزێت، بەڵام ئەو وڵاتانەی لەهێڵی کەمەرەییەوە نزیکن، بەتێکڕایی لەسەدا 10ی بەرهەمی خۆراکیان دادەبەزێت.

لەناو هەموو ئەو قەیرانەدا، لێکۆڵینەوەکە پێشبینیکردووە، کیشوەریی ئوسترالیا بتوانێت نیوەی بەرهەمی خۆراکیی خۆی بەدەستبهێنێت، توێژەران مەزەندەیان کردووە بەرهەمی گەنمی ئەو کیشوەرە ڕەنگە کەمێک دابەزین بەخۆوە ببینێت یان دەکرێت کەمێک زیادیش بکات.

باسی لەوەشکردووە، لەکیشوەری ئوسترالیاشدا وڵاتی نیوزلەندا لەوڵاتانی تر باشتر دەتوانێت ڕووبەڕوی ئەو قەیرانە ببێتەوە.
چاپکردن هەواڵ
Related News
Kurdewari Logo